فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
TUE, 17 JUL 2018 10:43 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: WED, 7 FEB 2018 19:17
سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێم تاتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7/2/2018 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و شاندێكی یاوه‌ریان، جه‌عفه‌ر ئیبراهیم جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، خاتوو بێگه‌ر تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مان، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌ردوو لێژنه‌ی كاروباری یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ تا تیایدا تاوتوێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، دابینكردنی پێداویسته‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، گه‌یشتن به‌‌ لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمى كوردستان بكرێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕاى ده‌ربڕینى هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ دابینكردنى سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن جگه‌ له‌ پاراستنى ئه‌زموونى دیموكراسیى هه‌رێم، ده‌رچه‌یه‌كیشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ سیاسى و ناوخۆییه‌كانى هه‌رێمى كودستان. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند هه‌ڵبژاردن پرسێكی گرنگی سیاسی و نیشتمانییه‌ و له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش جێگه‌ی بایه‌خه‌، بۆیه‌ هیوای خواست ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ببێته‌ ده‌ستپێكێكی باش بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، ئه‌مه‌ش به‌ دروستبوونی لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى كێشه‌ و پێداویستییه‌كان و كار و چالاكى و ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردن، هه‌موو لایه‌كى دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوى زۆر باشى هه‌ڵێناوه‌ بۆ ڕێكوپێكردنى تۆمارى ده‌نگده‌ران و له‌ كاركردن به‌رده‌وام ده‌بێت تا گه‌یشتن به‌ تۆمارێكى بێ كێشه‌ى ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، فراكسیۆنه‌كان و لێژنه‌كانی یاسایی و كاروباری په‌رله‌مان و كۆمسیۆنى كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و دیاریكردنی واده‌یه‌ك كه‌ له‌ ماوه‌ی یاساییی خۆی تێپه‌ڕ نه‌بێت تاوتوێ كرد و بڕیار درا دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕاوێژ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌ى ئه‌نجامدنی هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌ی ماوه‌ى یاساییدا.

پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا دروست بوو، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێیدراوه‌ ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری ده‌كات به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ شه‌ست ڕۆژ كه‌متر نه‌بێت له‌ ماوه‌ی یاسایی بۆ ئه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی بتوانێت كاروباری به‌ڕێخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام بدات.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی كرد و گوتی "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن هه‌بوو و تیایدا باسی دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن كرا. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری نه‌كراوه،‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمسیۆن ڕاپۆرتی خۆی و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی تا ئێستا ناویانه‌ له‌م بواره‌دا‌، پێشكه‌ش كرد‌. په‌رله‌مان باسی بابه‌تی یاسایی كرد و حكوومه‌تیش باسی ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی كرد كه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ پێویستن و بڕیار درا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان قسه‌ بكه‌ن و دواتر واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكرێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی گرفته‌كانی به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "ئه‌وه‌ی كه‌ تێبینیم كردبێت گرفتێگی وا نییه‌، به‌ڵام هه‌ندێك بابه‌تی ته‌كنیكی هه‌یه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌ و هیچ گرفتێكی وا نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی گوایه‌ مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نێردراوه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "هیچ پاره‌یه‌ك نه‌هاتووه‌، بانكی ناوه‌ندیی عێراق لقێكیان له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ و پاره‌یان خستۆته‌ ئه‌و لقه‌یان له‌ هه‌ولێر، واته‌ پاره‌كه‌ هی بانكی ناوه‌ندیی عێراق بووه‌ و تا ئێستا هیچ پاره‌یه‌ك له‌ به‌غداوه‌ بۆ پێدانی مووچه‌ی كارمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان نه‌هاتووه‌".




نێچیرڤان بارزانی به‌شداری ڕیوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌ركۆماری توركیا ده‌كات
MON, 9 JUL 2018 20:42

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر داوه‌تی فه‌رمیی به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیر و به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا كرد.

 
نێچیرڤان بارزانی به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى دانانى بەردی بناغەی کونسولخانەی ئەمەریکا لە هەولێر كرد
FRI, 6 JUL 2018 13:01

سه‌رله‌به‌یانیی ئەمڕۆ هەینی ٦/٧/٢٠١٨ لە  ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێزان دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق  و كین گرۆس کونسولی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا بەردی بناغەی كۆمه‌ڵگه‌ى کونسولخانەی وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر دانرا.

 
نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزبوونی دۆخی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه‌
THU, 5 JUL 2018 17:54

دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4/7/2018ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌وه‌ كرد.

 

 

کونسوڵی گشتی تازەی شانشینی هۆڵەندا دەست بەکار بوو

SUN, 15 JUL 2018 15:00

بەبۆنەی دەست بەکار بوونی وەک کونسوڵی گشتی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەڕێز ولیام نیکۆڵاس کوزین، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کرد و لەلایەن خاتوو سیهام جەبەلی، یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازی لێکرا.


گرووپی دۆستایەتی هەرێمى کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا APPG کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا

SAT, 14 JUL 2018 22:43

گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە هەرێمى کوردستان بە ئامادەبوونی نوینەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەریتانیا و ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی سازکرد و پەرلەمانتار جاك لۆپریستی جارێکی تر بە سەرۆکی گرووپە هەڵبژێردرایەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی: كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا سه‌ركه‌وتوو بوو

TUE, 10 JUL 2018 16:22

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مارك ڕۆته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه و سه‌ردانیان بۆ توركیا و هۆكاری دواخستنی سه‌ردانیان بۆ به‌لجیكا كرد.

 

نێچیرڤان بارزانی و مارك ڕۆته‌ هاریكاریى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندا تاوتوێ ده‌كه‌ن

TUE, 10 JUL 2018 15:19

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری، به‌ داوه‌تێكی فه‌رمی سه‌ردانی هۆڵه‌ندای كرد و پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆش له‌لایه‌ن به‌ڕێز مارك ڕۆته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌نداوه‌ له‌ ئۆفیسى خۆى له‌ ده‌نهاخ، پێشوازی لێكرا.