فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
TUE, 19 JUN 2018 15:38 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: SAT, 12 MAY 2018 13:44
نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له‌ یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كاته‌وه‌

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد.

دوای ده‌نگدان، به‌ڕێزیان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌ گرنگیی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند "پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌موو گه‌لی عێراق و گه‌لی كوردستان له‌ عێراق و هه‌موو گه‌لانی عێراق، مێژووییه‌ و پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ هاووڵاتیانی عێراق به‌گشتی نوێنه‌رانی خۆیان بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.

هیوادارین خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ جددی هه‌موویان بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر زۆر گرنگه‌. بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق گرنگه‌ و هیوادارم له‌م ڕۆژه‌دا هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ولێر ئێستا بارانیشه‌، به‌ڵام من هیوادارم ئه‌مه‌ نه‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ن نه‌یێته‌ ده‌نگدان و هیوادارم هه‌موولایه‌ك بچنه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان، چونكه‌ بۆ ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنی گرنگن. هیوادارم بۆ هه‌موو عێراق به‌ خێر و خۆشی بگه‌ڕێته‌وه‌.

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڕێزیان گوتی: سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق چه‌ند كورسی ده‌هێنن كه‌ ئه‌مه‌ قۆناغی یه‌كه‌مه‌ و هه‌ر لایه‌نێك له‌ عێراق به‌بێ هاوپه‌یمانی ناتوانێت حكوومه‌ت پێكبهێنێت. ئه‌مه‌ ڕوونه‌ و پێمان وا نییه‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی زۆرینه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا بێت، چونكه‌ عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق دروست بووه‌ و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌یه‌كی وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد پێویسته‌ ڕه‌چاوی پرسی ته‌وافق بكرێت و به‌ بڕوای ئێمه‌ بێ ته‌وافق ئه‌سته‌مه‌ حكوومه‌تی داهاتوو بتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت.

ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ تا ئێستا هه‌ن، به‌ڕێزیان ئئاشكرای كرد "ئه‌و ماوه‌یه‌ی ڕابردوو هه‌م بۆ به‌غدا و هه‌م بۆ ئێمه‌ ئه‌زموونێك بوو، هیوادارم ئه‌م ئه‌زموونه‌ بووبێته‌ هۆكار هه‌ردوولا به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و له‌سه‌ر مێزی دانوستان ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن و ماوه‌ی 12 ساڵه‌ بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه،‌ له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر بكرێن.

دوای ئه‌م قۆناغه‌ كه‌ قۆناغێكی ته‌واو نوێیه‌ له‌ عێراقدا و دوای تێشكشانی تیرۆرستانی داعشه‌، پێویسته‌ زیاتر گرنگی به‌ پرسی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بدرێت و گرنگی به‌ پرسی ئابووری له‌م وڵاته‌دا بدرێت كه‌ چۆن به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت. ئه‌مانه‌ ئه‌و شتانه‌ن كه‌ پێویست ده‌كات سه‌قامگیریه‌كی سیاسی له‌م وڵاته‌دا دروست ببێت.

بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌و باوه‌ڕه‌دا نین ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ سیاسییه‌ دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ مه‌رجی یه‌كه‌می هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كانی دیكه‌یه‌،‌ بۆیه‌ هیوادارین ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ بۆ هه‌موو لایه‌كمان وانه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی دابنیشین و كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌و سیستمه‌ نوێیه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و خاویی سیسته‌مه‌كه‌ و پێگه‌ی كورد دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراقدا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "ئه‌م سیستمه‌، سیستمێكی نوێیه‌ و له‌وانه‌یه‌ فێربوونی به‌كارهێنانی ئاسان نه‌بێت و خۆشم یه‌كێك له‌وانه ‌بووم، به‌ڵام به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ده‌ڵێن ئه‌و سیستمه‌ وردتره‌ و هیوادارم به‌و شێوه‌یه‌ بێت و یه‌كه‌مجاره‌ له‌ عێراقدا تاقی ده‌كرێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بینیمان له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا هه‌موو كه‌سێك نه‌یانتوانی ده‌نگ بده‌ن كه‌ سیستمه‌كه‌ زۆر به‌ هێواشی به‌ڕیوه‌ چووه‌. هیوا ده‌خوازین كه‌ گرنگییه‌كی ته‌واو به‌و پرسه‌ بدات و مافی هاووڵاتیان كه‌ مافی خۆیانه‌ بچنه‌ ده‌نگدان، هه‌موو ڕێكارێك بگرنه‌ به‌ر تاكو ئه‌و مافه‌ی خه‌ڵك نه‌فه‌وتێت.

كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غدا پۆست نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی گه‌لی كوردستانه‌، ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. كێشه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌غدا كێشه‌ی ماده‌ی 140، چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی داهاته‌، ئه‌مانه‌ ئه‌و كێشه‌ جددیانه‌ن كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایان بكه‌ینه‌وه‌.

وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق و هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ عێراقدا، بێگومان مافی خۆمانه‌ هه‌ندێك پۆستمان هه‌بێت، له‌مانه‌ش پۆستی سیادی كه‌ سه‌ركۆمار یه‌كێك له‌و پۆستانه‌یه‌. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ ده‌بێت به‌ كورد بدرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هیوادارم له ‌ناوخۆماندا یه‌كگرتوو بین بۆ هه‌موو شتێك و ئه‌مه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنمانه‌، ئه‌گه‌رنا زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ له‌ده‌ستدانی ده‌نگه‌كانی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، به‌ڕێزیان گوتی: به ‌ڕاستی ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن دیاری ده‌كات و ئێستا زووه‌ بڵێین كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت و دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دیار ده‌بێت. ئێمه‌ كورسی له‌و ناوچانه‌ بهێنین یان نا، ئه‌و ناوچانه‌ ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌رن و ناوه‌كه‌یان دیاره‌ كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ره‌. نه‌ ئێمه‌ ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان له‌و شوێنانه‌دا هه‌بێت و نه‌ به‌غدا. ئه‌مه‌ پێویسی به‌وه‌یه‌ دابنیشین و به‌پێی ده‌ستوور به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كی كوردی له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: ئێمه‌ پشتئه‌ستوورین به‌و ده‌نگانه‌ی گه‌لی كوردستان كه‌ نوێنه‌ره‌كانی خۆیان پێی دیاره‌ی ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مانی عێراق. تا ئێمه‌ له‌و وڵاته‌دا بین كه‌ پێی ده‌ڵێن عێراق، پێویست ده‌كات به‌شدارییه‌كی كارا و جددیمان هه‌بێت له‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نه‌كان كردیانه‌ سه‌ر یه‌كتری، دوای ئه‌مڕۆ قۆناغێكی نوێ ده‌ستیپێكردووه‌، ئه‌م قۆناغه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كوردستاندا وا ده‌خوازێت به‌په‌له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێ جیاوازی دابنیشین و ستراتیژیه‌تێك دابڕێژین بۆ چۆنیه‌تیی كاركردنمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌گه‌ر نا به‌ په‌رته‌وازه‌یی بچینه‌ به‌غدا و هه‌ریه‌ك به‌ دوو كورسی، یان چوار كورسی، یان چه‌ند كورسیه‌ك بێت، ناتوانین ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌نجامی بده‌ین.

ژماره‌ی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌نجا تا شه‌ست و شه‌ست و پێنج كه‌متر یان زیاتر بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ یه‌كگرتوو بن ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆریان هه‌بێت له ‌به‌غدا، ئه‌گه‌ر یه‌كگرتوو نه‌بن وه‌ك كوتله‌یه‌ك له‌وێ، بێگومان ناتوانن هیچ شێتك له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ‌زیاد بكه‌ن كه‌ تا ئیستا له‌ به‌غدا هه‌بووه‌. من له‌ قسه‌كانی خۆم له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌په‌له‌ ئه‌و دانیشتنه‌ ئه‌نجام بده‌ین بێ ئه‌وه‌ی ده‌فته‌ری كۆن هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ كه‌ چی كراوه‌ و كێ چی كردووه‌، ئاماده‌ین به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و هه‌ر ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دوای بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقی تازەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کرد، بەو هیوایەی بتوانن بەشدار بن لە بنیادنانەوەی وڵات، لەکاتێکدا کورد خاوەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو و هەموو شتێکی خۆیان هەبوو، هەرچەند ئەندام نەبوون لە یووئێن.

لەوبارەیەوە گوتی: بەو هیوایە گەڕاینەوە بۆ عێراق کە عێراقێکی نوێیە. دوای نووسینەوەی دەستوور پێمان وابوو قۆناغێکی نوێ لەم وڵاتە دەستپێدەکاتەوە بۆ هەموو پێکهاتەکان، نەک تەنیا بۆ کورد.

به‌ڕێز سەرۆک وەزیران نیگەران بوو لەوەی ڕەوشەکە وادەرنەچوو کە خەڵکی کوردستان دەیویست. دەربارەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقیش، ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە لە پرۆسەکەدا بەشدار بوون و بەڵێنی جێبەجێکردنیان بە کورد دابوو لەگەڵ جەختکردنەوەی وڵاتانی دەرەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور.

به‌ڕێزیان خواستی کوردستانی دووپات کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا داوای خەڵکی کوردستان جێبەجێکردنی دەستوور بووە وەک ئەوەی کە هەیە. بەڕێزیان ئەوەی بە ئەزموونێک بۆ هەولێر و بەغدا لەقەڵەم دا بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لەو ئەزمەوونە ببینن و بە عەقڵێکی کراوە باس لەوە بکەن کە کێشەکان لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. هه‌روه‌ها گوتى: ئێمە بەو هیوایە بەشداریمان کردووە و دەمانەوێ زۆر بە جددی بەشدار بین لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا و بتوانین کێشەکانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریی چالاکتر له‌ ده‌نگدان، گوتی: بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بەشدارییەکی کارا بکەن و بچن بەرەو سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن. دەنگدان بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زۆر گرنگە و نابێ ئەو دەرفەتە بۆ کەس لەدەست بدەین و دوودڵ بین، ئەوە بۆ خۆمانە دەکەین.

بەڕێزیان سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لەسەر پێکهاتەی داهاتووی حکوومەتی عێراق، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ حکوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بێت و هەندێ شتی بنەڕەتی هەیە دەبێ ڕەچاو بکرێت. ئەوەشی گوت کە لە دەستووری عێراقدا کورد و عەرەب وەک شەریک و هاوبەش لەم وڵاتەدا پێناسە کراوە، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەم وڵاتەیە و دەبێ ڕه‌چاو بکرێت و لایەنەکانی دیکەش دەبێ ڕه‌چاو بکرێن. بۆیە بە پێویستی زانی دیسانەوە تەوافوقێک هەبێ لە شێوەی پێکهاتەی حکوومەتی ئایندە لە بەغدا.

ده‌رباره‌ى سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقیش، بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵ شه‌خس مامەڵە بکات، بۆیە گوتی: ئێمە بەپێی بەرنامە لەگەڵیان ڕێکدەکەوین، لەم هەڵبژاردنەشدا کەس ناتوانێ بە تەنیا ئەو ژمارە کورسییانە بهێنێ بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بۆیە ناچار دەبێ لەگەڵ لایەنی دیکە ڕێککەوتن بکات.

لەوبارەیەوە گوتى: ئێمە وەک کورد داواکارییەکانمان بخەینە بەر دەستی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانی لەگەڵ بکەین لەسەر بنەمای بەرنامەیەک، نەک لەسەر بنەمای شەخش کە کێ دەبێ، چونکە شەخس دێ و دەڕوا و ئەم وڵاتە دەمێنێ، پێویستە ئەوە بەپێی بەرنامەیەک بێت.

به‌ڕێزیان هیوای خواست ئەمجارەیان کورد بەپێی بەرنامەیەک و وادەیەکی دیاریکراو بتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و ئەوەی بە قازانجی هەموو عێراق دانا و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە، عێراق ناتوانێ سەقامگیری تێدا هەبێت، لەبەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەین و سوور بین کە مافی یەکتر نەدەین، باشتر وایە دابنیشین و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین.

سەبارەت بەوەی کە ئایا دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی تازە لە عێراق، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک خۆی دەمێنێ و بەردەوام دەبێت؟ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەو ڕێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، وەک ئەوەی کە هەیە. لەگەڵ سەرۆک وەزیران چۆن ڕێککەوتنمان کردووە، بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ دەبێت.


 




نێچیرڤان بارزانی و سیلیمان، پرۆسه‌ی سیاسیی‌ عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
SAT, 9 JUN 2018 21:39

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9/6/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێزان دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و كین گرۆس كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

 
نێچیرڤان بارزانی: نابێ ڕۆتین له‌ فه‌رمانگەكان بمێنێت
WED, 6 JUN 2018 17:11

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦/٦/٢٠١٨، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی (ئایزۆ) بەخشرایە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەو ڕێوره‌سمه‌دا کە ژمارەیەک لە دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ڕێكخراوى ئایزۆ ئامادەى بوون، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

 
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی داد و ئاسایشی شانشینی هۆڵەندا کرد
WED, 6 JUN 2018 13:16

ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێز خاتوو سیهام جەبەلی، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازی کرد لە شاندێکی وەزارەتی داد و ئاسایشی هۆڵەندا کە بەسەرۆکایەتى بەڕێز هانز فابر بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی داد و ئاسایشی شانشنی هۆڵەندا و خاتو جانێت ئەلبێرتا، کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا.


 

ئەنجیلینا جولی پشتگیرییه‌كانی حکوومەتی ھەرێم لە پەنابەرانی سوریا به‌رز ده‌نرخێنێت

SUN, 17 JUN 2018 21:22

خاتوو ئەنجیلینا جولی، نێردەی تایبەتیی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێكی یاوه‌ری، سەردانی ھەولێری کرد و لەلایەن بەڕێز سەفین دزەیی ووتەبێژێ فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتیی بەڕێز سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا.

 

پەیامی ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە

THU, 14 JUN 2018 19:51

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسوڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، پیرۆزبایی تایبەتمان بۆ خانەوادەی سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان.

 

یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینى سوید لە عێراق کرد

WED, 13 JUN 2018 15:53

ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى (13 حوزەیران 2018) خاتوو (سهام جەبەلى ) یاریدەدەرى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم پێشوازى لە بەڕێز (پۆنتوس مێلاندەر) باڵیۆزى شانشینى سوید لە عێراق و خاتوو (مەهیاد تەوەکولى) بەرپرسی تازەى نووسینگەى باڵیۆزخانەى سوید لە هەولێر کرد. کە بە بۆنەى ناساندن و دەست نیشان کردنى بەپرسی تازەى نووسینگەى باڵیۆزخانەى سوید لە هەولێر سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەیان کردبوو.

 

یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق کرد

TUE, 12 JUN 2018 17:12

ئەمڕۆ سێشەممە، خاتوو سیهام جەبەلی ، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازی کرد لە بەڕێز یاکۆب پرادا، باڵیۆزى رۆمانیا لە عیراق و باس لە پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا و پێشووەچوونەکانى گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرا.