فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
SUN, 24 MAR 2019 19:19 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: FRI, 14 DEC 2018 20:51
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە سیمینارێك دەکات لە پەرلەمانی بەریتانیا

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا APPG ،  وه‌ هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و سەنتەری (دیراساتی ئۆپۆزسیۆن) لە زانکۆی بۆڵتن، سیمینارێکی لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدیەکان و بەرپرسیاریەتی نێوده‌وڵه‌تی و وەدەستهێنانی دادپەروەری  و ناساندنی تاوانه‌کان وەك جینۆساید سازکرد.

لەو سیمینارەدا کەوا بەڕێزان محمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، دکتۆر سامی جلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوەخۆ، شێری تاڵەبانی سەرۆکی ڕێکخراوی سید و دکتۆر ئەلیکساندەر کۆرب لە سەنتەری ستانلی بێرتن بۆ هۆڵۆکۆست و جینۆساید ووتاریان پێشکەش کرد و ڕۆشناییان خستە سەر تاوانەکان و گرینگی خێراکردنی پڕۆسەی دادگایی کردنی تاوانباران.

سەرەتا کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا داوای لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی کرد حوکمی یاسا بەکاربێنن بۆ وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی جینۆساید، وە پاراستنی هاوڵاتیان لە کۆمەڵکوژی، تاوانەکانی جەنگ و پاکتاوی ڕەگەزی. هەروەها ووتی:

" کوردستان هاوپەیمانێکی سەرەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو بۆ لەناوبردنی داعش و سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌وکاره‌مان ئه‌نجامدا، ئێستاش بۆ ئەوەی تاوانباران بهێنرێنه‌ بەردەم دادگا و سزابدرێن، هاوپه‌یمانییه‌کی هه‌مانشیوه‌ پێویسته‌‌. هاوکات هەروەك چۆن بەریتانیا خاوەنی پێشنیاری دروستکردنی لیژنه‌ی تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، به‌ هه‌مانشێوه‌ داوا له‌ به‌ریتانیا دەکەین که‌ ڕۆڵی خۆیان ببینن و فشار بخاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی  بڕیارەکە خێراتر جێبەجێ بکرێت."

لە لای خۆیەوە محمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال سوپاسی هەموو هەوڵە جیددیەکانی بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بۆ دەرکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٣٧٩ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش و داوای خێراکردنی پڕۆسەی کارەکانی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەو بڕیارەی کرد هەروەها ووتی: " دەبێت دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی تاوانبارانی کەیسی ئێزیدیەکان دادگایی بکرێن و ببێتە ڕێگر لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە لە داهاتوودا."

خاتوو شێری تاڵەبانی سەرۆکی ڕێکخراوی سید لە ووتارەکەیدا ووتی: " کۆمەڵگایەکی گەورەمان هەیە ئێستا کە دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە بەهۆی تاوانەکانی داعش و پێویستیان بە چاودێری ڕاستەوخۆ و بەردەوام هەیە. دامەزراوەکەمان لەو بوارەوە هاریکاری باشیان پێشکەش دەکات. پێویستە بەردەوامی بدرێت بە کۆمەك کردنی حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە ناحکومیەکان بۆ ئەوەی بتوانن هاریکاری بەردەوام پێشکەش بەو ئاوارانە بکەن کە ڕووبەڕووی نەخۆشی دوورخایەن بوونەتەوە."

لە بواری سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، دکتۆر سامی جلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوەخۆ ووتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کەوا سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و عێراق هەڕەشەیکی ترسناکی خستۆتە سەر سەقامگیری ناوچەکە و دەربەدەربوون و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کەس بۆ هەرێمی کوردستان. ووتیشێ: " هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاریکاری بەردەوامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیەکانی ئاشتبوونەوە دابین بکات و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ناوچە ڕزگارکراوەکان."

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا دکتۆر ئەلێکساندەر کۆڕب لە سەنتەری ستانلی بێڕتن بۆ دیراساتی هۆڵۆکۆست و جینۆساید لە زانکۆی لێستەر ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدێکی وەك ئەوەی ئێزیدیەکان پێویستە فرە نەتەوەیی و ئایینی لەکوردستان و عیراق بپارێزرین. ووتیشی؛ " کاتێك جینۆساید ڕوودەدات، پێویستیمان بە دەیەها ساڵ هەیە بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی. ئەوەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات بە بێ هیچ گومانێك جینۆسایدە و پێویستیشە لەو ڕووەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

شایانی باسە خاتوو ڕۆزی وینتەرتن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەك پەرلەمانتار، لۆرد، ڕۆژنامەنووس، شارەزا، ئەکادیمی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان ئامادەی سیمینارەکە بوون.

 




لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا پانێڵێك بۆ نوێنەری حکومەتی هەرێم و وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی حکومەتی بەریتانیا و جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەچوو
TUE, 19 MAR 2019 14:12

لەو پانێڵەدا کە لە لایەن پەرلەمانتار جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا ڕێکخرابوو، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ئەلیستەر بێرت وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەزار مەرجان جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا باسیان لە ژمارەیەك پرسی جیا کرد سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق. 

 
فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێکى دامەزراوەى یارمەتى و ئاشتەوایى لە رۆژهەڵاتى ناوەراست کۆبووەوە
TUE, 19 MAR 2019 12:29

فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ شاندێکى دامەزراوەى یارمەتى مرۆیى و ئاشتەوایى لە رۆژهەلاتى ناوەراست کە پێکهاتبوو لە بەرێزان مایک سیمپسن بەڕێوەبەرى جێبەجێکار و کریستۆفەر سیگار ئەندامى بۆردى بەرێوەبەردن و باڵیۆزى پێشووى بەریتانیا لە عیراق و عبدالرحمن محمد بەڕێوەبەرى بەرنامەى رێکخراوى ناوبراو لە عیراق  کۆبووەوە.

 
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان یادەوەریەك بۆ جینۆسایدی کورد ساز دەکەن
MON, 18 MAR 2019 17:09

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان KMP و گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە کوردستان APPG بۆنەیەکیان لە BAFTA سازکرد کە یەکێکە لە ناودارترین هۆڵەکانی نمایشکردنی فیلمە جیهانیەکان لە سەنتەری لەندەن بۆ یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، وە ڕاگەیاندنی "پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان" لە ئەوڕوپا و نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومەنتەری بەریتانیا کە پێشتر لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە واشنتن نمایشکراوە کە لە لایەن دەرهێنەر گوین ڕۆبەڕتس بەرهەم هێنراوە بە ناونیشانی "خێزانێکی ئێزیدی بەرانبەر داعش"، وە چەند کورتە فیلمێکی تر.

 

 

نێچیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندی به‌‌ پارێزگاری مووسڵه‌وه‌ ده‌كات

THU, 21 MAR 2019 22:10

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی به‌ به‌ڕێز نه‌وفه‌ل حه‌مموود پارێزگاری مووسڵه‌وه‌ كرد و تیایدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی خۆی و گه‌لی كوردستانی به‌ به‌ڕێزیان و به‌ ڕێگای ئه‌ویشه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاری قوربانیان ڕاگه‌یاند که‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مووسڵ به‌هۆی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێكی گه‌شتیارانه‌وه‌ له‌ ڕووباری دیجله‌ به‌ ده‌یان که‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.

 

نێچیرڤان بارزانی په‌یامێکی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربیانیانی مووسڵ کرد

THU, 21 MAR 2019 21:00

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێکی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربانیانی ڕووداوی ئه‌مڕۆی ژێرئاوکه‌وتنی به‌له‌مێکی گه‌شتیاری له‌ مووسڵ کرد و هه‌موو هاوکاری و پشتیوانییه‌کی داموده‌زگاکانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی بۆ لێقه‌وماوان نیشان دا، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

TUE, 19 MAR 2019 23:06

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆنگرێسمان جۆن گارامندی كرد.

 

بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە شاندێکى سیاسى و بازرگانى هەرێمى فلاندەرزى بەلجیکا کرد

TUE, 19 MAR 2019 18:25

ئەمڕۆ سێشەممە فەلاح مستەفا  بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە شاندێکى سیاسی و بازرگانى هەرێمى فلاندەرزى بەلجیکى کرد بە سەرۆکایەتى بەڕێز کلاودى مارینوۆر جێگرى پارێزگاى ئەنتوێرپ لە هەرێمى فلاندەرز، کە بەڕێز دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا لە دیدادرەکە ئامادەبوو.