فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
WED, 20 FEB 2019 19:20 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: WED, 6 FEB 2019 20:33
دەقى ووتاری بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یادی ٧١ ساڵەی ڕۆژی سەربەخۆیی کۆمارى سریلانکا

 

بەڕێز ژەنەڕاڵ نیرانجان ئاسوكا راناسینغ، باڵیۆزی کۆماری دیموکراتی سۆشیالیستی سریلانکا،
بەڕێز نوێنەری جەنابی سەرۆک،
بەڕێز نوێنەری سەرۆکی حکومەت،
وەزیر و پەرلەمانتار و پارێزگارە بەڕێزەکان،
نێردەی دیپلۆماسی ووڵاتانی بیانی و ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان،
نوێنەری پارت و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی،
گۆمەڵگای سریلانکی لە هەرێمی کوردستان،
میوانە بەڕێزەکان ... ئەم کاتەتان باش،

بەناوی خۆم و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمى کوردستان پیرۆزباییەکى گەرم لە دۆستە سریلانکیەکانمان دەکەم بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری سریلانکاى دیموکراتی سۆشیالیستی.

خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لەگەڵ ئێوەى بەڕێز لێرەین بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی حەفتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری سریلانکا.

بـــــــەڕێــــــــــزان،
تکایە ڕێگەم پێبدەن، لەم ڕۆژەدا، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە گەل و حکومەتی سریلانکا بکەم.
هاوکات، بە پێویستی دەزانم سوپاسی باڵیۆزخانەی سریلانکا لە بەغدا و کونسوڵگەری فەخری سریلانکا لە هەولێر بکەم، بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانەی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ گەل و ووڵاتى سریلانکا.

ئــــــامـــــــادەبـــــــووانـــــــى بـــــــــەڕێــــــــــــــــــــز

لە ڕێکەوتى ٤ی شوباتی ساڵی ١٩٤٨، سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سریلانکا هێزەکانیان یەکخست بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی. هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو ڕۆژە مەزنەی سەربەخۆیی سریلانکا.

پەیوەندى دێرینى نێوان سریلانکا و عێراق و هەرێمی کوردستان دەروازەیەکە بۆ لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانى زیاترى ئەو پەیوەندیانە؛ بە تایبەتى لە بوارى ئابورى و بازرگانى و وەبەرهێناندا. هەر بۆ نموونە لە باشترین جۆرى چا کە ڕەزامەندى و ئارەزوویەکى زۆرى هاووڵاتیانى هەیە، ئەو گەڵا چایانەیە کە لە ووڵاتى سریلانکا بەرهەم هاتووە. ئێمە مەبەستمانە پێکەوە کاربکەین بەتایبەتى لە خاڵە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا و بە رێزگرتن لە تایبەتمەندیەکانى گەلانى هەردوو ووڵات.

بـــــــــــــــــــــەڕێـــــــــــــــــــزان
ئێمە لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، بەدواى ئەو خاڵە هاوبەشانەدا دەگەڕێین کە خزمەتى مرۆڤایەتى دەکات و پەرە بە مرۆڤدۆستى دەدات. لێرەشدا فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان ئەو بەها هاوبەشانەیە کە لەنێوان گەلی سریلانکا و گەلی کوردستان و گەلانى عێراق و گەلانی تری دیموکراتخواز و ئازادیخواز هەیە.

هاوشێوەى گەلى سریلانکا، گەلی کوردستان گەلێکی دۆستانە و خاوەند کۆمەڵگایەکی کراوەیە. بوونی کەلتور و پێکهاتەى نەتەوەیی و ئاینى جیاواز لە هەرێم، بە سەرچاوەى هێزى خۆمان دەزانین و مایەى هیوا و گەشبینی ئێمەیە بە ئایندەیەکى باشتر. سەربەرزین بە لێهاتوویی و ئازایەتی پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە هەردەم لەبەرەکانی پێشەوەن و گیانی خۆیان بەخت دەکەن؛ بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان. پێشمەرگە فاکتەرێکی گرینگە بۆ پاراستنی کۆمەڵگاکەمان و بەرگری کردن لە ئازادى و دیموکراسی.

میوانانى قەدرگران
ئەمڕۆ جگە لەبوونی کونسوڵگەری فەخری سریلانکا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی سریلانکی لە هەرێمی کوردستان و عێراقى فیدڕاڵدا لە کەرتە جیاوازەکان کاردەکەن.  هاوکات ئێمە پەیوەندیەکی بازرگانیمان هەیە لەگەڵ سریلانکا و خوازیارین پەرە بە ئاستی ئەم پەیوەندیانە بدرێت.

خۆشحاڵین کە پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی ئێمە لەگەڵ سریلانکا بووە هۆی ئەوەی کە سریلانکا کونسوڵگەری فەخری خۆی لە هەرێم لە ڕێکەوتى ٢٨/١١/٢٠١٧ بکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرینگە و  بنەمایەکە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هاوکاری  و وەبەرهێنانی هاوبەش لە کەرتەکانی ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری. بە ئومێدین ئاستى نێردەی دیپلۆماسى سریلانکا لە هەرێم بەرز بکرێتەوە.

جێگەى خۆیەتى سوپاسی بەڕێز دکتۆر ئەحمەد جلال، کونسوڵی فەخری سریلانکا لە هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ماندووبوون و هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى سریلانکا، ئێمە دەست خۆشی لێدەکەین و پشتیوانیان دەبین بۆ پەرەپێدانى زیاترى ئەو پەیوەندیانە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش.

ئەزموونى ووڵاتان لەبوارە جیاوازەکاندا بۆ ئێمە سوودى زۆرى هەیە. هەربۆیە سریلانکا کە وڵاتێکی دیار و پێشکەوتووى بوارى گەشتیاریە و خاوەنی کەلتورێکی دێرینە و مێژووەکەى بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، دەتوانێ لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕى سەردانەکان و ئەنجامدانى پڕۆژەى وەبەرهێنان لە بوارى گەشتیارى لە هەرێم و برەودان بە ئاڵوگۆرى گرووپە گەشتیاریەکان لە نێوان هەردوولادا سوود بە کەرتی گەشتیاری لە هەرێم بگەیەنێت.

لەم بوارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیڕەوکردنى سیاسەتی دەرگای کراوە و بازاڕی ئازاد، دەرفەتی زۆری بۆ وەبەرهێنان و  چالاکی بازرگانی ڕەخساندووە. لە ئێستاشدا حکومەت لە هەوڵەکانى بەردەوامە و بەرنامەی بۆ بنیادنان و ئاوەدان کردنەوە هەیە، کە ئەمەش پێویستی بە تۆکمەکردنی ژێرخانی ئابووری لە بوارە جیاوازەکان بۆ فرەیی سەرچاوەى داهات هەیە.

بۆیە خوازیارین لە بواری وەبەرهێنان خاوەنکارانی هەردوولا سەردانی هەرێم و سریلانکا بکەن، بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەشی و ڕاستەوخۆ لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی وە لە بوارەکانی کشتوکاڵی و بازرگانی و تەندروستی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری و بەرزکردنەوەی قەوارەی بازرگانی نێوان هەردوولا.

لە کۆتاییدا دووبارە زۆر سوپاس بۆ هەموولایەک و یادی حەفتاویەک ساڵەی ڕۆژی سەربەخۆیی سریلانکا لە گەل و حکومەتى سریلانکا پیرۆزبێ.
 




نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە فەرمی بەشداری لە کونفرانسێک لە سەر ئیزیدیەکان لە ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسی کرد
TUE, 12 FEB 2019 12:59

خاتوو جاكی دیرۆمیدی گووتى‌ ئامانجی سه‌ره‌كی لێره‌دا پارێزگاری كردنه‌ له‌ ژنان و منداڵان كه‌ بونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستی داعش و ئاواره‌ و بێ سه‌رپه‌رشت. هه‌وڵبدرێت لانه‌یه‌كیان بۆ ئاماده‌بكرێت هه‌تاوه‌كو له‌ بارودۆخێكی گونجاودا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌ویش به‌ دابینكردنی داهاتووه‌یه‌ك، كه‌ تێیدا په‌روه‌رده‌و خوێندن بۆ منداڵان وه‌ ئاماده‌كاری پیشه‌ی بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

 
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ كونسولی گشتى كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
MON, 11 FEB 2019 16:59

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/2/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز د. عومه‌ر ئه‌لكنده‌ری، كونسولی گشتى كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

 
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لەگەڵ‌ باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق کۆبووەوە
SAT, 9 FEB 2019 21:06

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9/2/2019  فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە، پێشوازی له‌  خوان خۆسێ ئیسكۆبار ستێمان، باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

 

 

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ووڵاتی فەڕەنسا کرد

WED, 20 FEB 2019 16:06

ئەمڕۆ سێشەممە ، ڕیکەوتی ( ٢٠/٢/٢٠١٩)،  بەڕێز برۆنۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەڕه‌نسا له‌ عێراق و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکارانی حکومی و نوێنەری  ڕێکخراوی ناحکومی، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەیان کرد و لەلایەن بەڕێز فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پێشوازیان لێکرا.

 

جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا بە یاوەرى شاندێک گەیشتە هەرێمى کوردستان

MON, 18 FEB 2019 21:46

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز ئەلێکساندەر دی کروو، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و پەرەپێدانی بەلجیکا بە یاوەرى شاندێکى باڵا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن بەڕێزان کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆو د. عەلى سندى وەزیری پلاندان و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و دلاوەر ئاژگەیى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا پێشوازى لێکرا.

 

كۆنفڕانسی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی خۆراك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو

MON, 18 FEB 2019 19:25

دواتر، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت له‌، ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تیایدا به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی كردو خۆشحاڵی خۆی به‌ ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسه‌كه‌ ده‌ربڕی به‌و ئومێده‌ی كه‌وا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ببێته‌ به‌شێك له‌ كۆی هه‌وڵه‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

 

نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی مازۆڤێسكی پۆڵۆنى کۆبووەوە

TUE, 12 FEB 2019 20:38

زیاد رەئوف نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا لەگەڵ بەڕێز ئادەم ستروژیك سەرۆكی ھەرێمی مازۆڤێسكی كە گەورەترین و گرینگترین ھەرێمی پۆلۆنیایە و پایتەختەكەشی وارشۆیە کۆبووەوە.