فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
SAT, 25 MAY 2019 08:43 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: FRI, 8 MAR 2019 20:30
نێچیرڤان بارزانی: لەم مانگەوە پاشەکەوتی مووچە نامێنێت

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 8/3/2019ى ئەنجومەنی وەزیرانی هەریمی کوردستان، لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو بڕیارانەی کە دران.

ده‌قی لێدوانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی:

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بوو بە بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستان. خۆشحاڵم بەوەی کە ڕابگەیەنم لەم مانگەوە بڕیاری پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەگیرێت و مووچە وەکوو خۆی بە تەواوەتی دابەش دەکرێت لەم مانگەوە بە بێ پاشەکەوت.

ئەوەی ئاشکرایە لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخێکی قورسی دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌، سێ ساڵ لەمەوبەر ئێمە ناچار بووین ئەو بڕیارە بدەین و پاشەکەوتی مووچە دابنێین بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە ئاسان نەبوو و زۆر زۆر زەحمەت بوو، هەم بۆ کاک قوباد و هەم بۆ من وەکوو سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، پێم وایه‌ ناخۆشترین بڕیار و قورسترین بڕیار بوو لە ژیانی سیاسی کە لەم وڵاتە هەمانبووە.

ئەوەی كه‌ توانی ئەو بڕیارەی ئێمە سەربخات و توانیمان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەین، تێگەیشتنی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو لە بارودۆخی ئەم هەرێمەمان، ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نەبوایە، بە هیچ شێوەیەک نەماندەتوانی ئەمڕۆ دوای سێ ساڵ لەبەردەم هاووڵاتیانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بڵێین پاشەکەوتی مووچە هەڵگیرا. بەڵێنمان دابوو بە هاووڵاتیان لە کاتی خۆیدا گه‌ر هه‌ر كاتێك بتوانین و بگەینە ئەو بڕوایه‌ى دۆخى داراییی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بێت کە بتوانین پاشەکەوتەکە هەڵبگرین، پاشەکەوتەکە هەڵدەگیرێت، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵێین ئێمە ئەو بەڵێنەی خۆمانمان جێبەجێ کرد و پێشیان بڵێین خۆڕاگریى ئەوان و تێگەیشتنی مووچەخۆران لە بارودۆخی داراییى حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەت لەبیر ناکەین.

بە شێوەیەکی گشتی سوپاسی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم، سوپاس بۆ ئەو مامۆستایانە کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناخۆشە نەیانهێشت دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت، سوپاس بۆ ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی کە دەرگای نەخۆشخانەکانیان بە کراوەیی هێشتەوە، سوپاس بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی ئێمه‌ کە لەو کاتە سەختەدا سەنگەرەکانیان جێنەهێشت لەپێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و لەو پێناوەشدا ١٨٠٠ شەهید و نزیکەی ١٠ هەزار بریندارمان دا. هەر لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سوپاس بۆ ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه‌ شه‌ونخوونییان كرد و نەیانهێشت باری ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تێکبچێت. سوپاس بۆ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، زیندانیانى سیاسى، خانه‌نشینان و سوودمه‌ندانى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رمانبه‌ران به‌گشتى و سوپاسى دڵسۆزى و خۆڕاگریش بۆ هه‌موو ئەوانەی كه‌ پاڵپشتى به‌هێزى حكوومه‌ته‌كه‌یان بوون.

سوپاسى به‌ڵێنده‌ران و وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌نپیشه‌ و كاسبكارانی کوردستانیش ده‌كه‌م كه‌‌ له‌ ده‌ره‌نجامى قه‌یرانی دارایی کێشەی گەورەیان بۆ دروست بوو و ئەوانیش به‌ خۆڕاگری ئەو بارە سەختەیان هەڵگرت و به‌رگه‌یان گرت و تا ئێستاش لەگەڵ ئێمە مانەوە. خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەتکردنی زۆر زۆرترە لەوەی کە تا ئێستا بووە.

ئەوەی خۆشتان دەزانن هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوت پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمەوە نەبووە، لە ئەنجامی چەند شتێک دروست بووە. یەکەمیان، بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە. بڕینی بودجە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر مەسەلەی پاشەکەوت. دووەم، شەڕی داعش. ١١٠٠ کیلۆمەتر سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بووە لە جیهاندا. سێیەم، دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها هاتنی نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەریمی کوردستان، ئەمانە هەموویان ئەو هۆیانە بوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی ئێمە ئەو بڕیارە قورس و ناخۆشە بدەین لە ژیانى خۆماندا.

هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە دەرەنجامێکی باش لە گفتوگۆکان و جارێکی دیکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجی هیچ کێشەیەکی سیاسی لەگەڵ بەغدا نەدەن و بگەینە ئاستێک کە تەنانەت پەیوەندیی ئێمە چەندیش تێک بچێت کە هیوادارم بە هیچ شێوەیەک تێک ناچێت لەگەڵ بەغدا، وای لێ نەیەت وەکوو کارتێکی فشار له‌سه‌ر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان به‌كارى بهێنن و مووچەی مووچەخۆران ببڕن. ئێمە هیوادارین بگەینە ئەو ئاستە.

هه‌روه‌ك خۆشتان ده‌زانن ئەوەی کە ئەمڕۆ لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دێت، نزیکەی ٥٢٢ ملیار دینارە، ئەوە هەموو مووچە نییە و مووچەی هەرێمی کوردستان زیاترە لەوە و تەواوکەری ئەوە وەک به‌ڕێز وەزیری دارایی باسی کرد نزیکەی ٨٨١ ملیار دینارە کە ته‌واكه‌ره‌كه‌ى خۆمان لە هەرێمی کوردستان دەیدەین.

ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا داكۆكیمان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان زۆر جددییە لەوەی کێشەکانی خۆی لە بواری دارایی، لە بواری نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا لەگەڵ بەغدا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

ده‌مه‌وێ لێره‌ سوپاسێكی تایبه‌ت بنێرم بۆ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کە ئەوانیش لەم مەسەلەیەدا زۆر هەوڵیان دا و کۆششیان کرد بۆ ئه‌وه‌ى پاشەکەوت هەڵبگیرێت. سوپاسی به‌ڕیز د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم بۆ تێگەیشتنی بەڕێزیان لەم بابەتە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران وەکوو هه‌موو عێراق سەیری کرد و هەوڵی دا. هەروەها دەمەوێ سوپاسی تایبەتی وەزیری داراییی حکوومەتی فیدراڵ بەڕێز د. فوئاد حسێن بکەم کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ تیمی ئێمە به‌ڕێزان د. ئامانج ڕه‌حیم، ڕێباز حه‌ملان لە وەزارەتی دارایی لەسەر هێل بوون بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، سوپاسی تایبەتی دەکەین هەر لێرەوە بە ناوی حکوومەت، بە ناوی کاک قوباد و بەندە کە بە ڕاستی زۆر زەحمەتیان کێشا.

ئه‌مه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ بوو و ئه‌و بڕیارانه‌شی كه‌ ده‌رمانكردووه‌ له‌م كۆبوونه‌وه‌ به‌ڕێز سكرێترى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌خوێنێته‌وه‌ و هیوادارم ئەمە هه‌واڵێكى خۆش بێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و ئێمەش خۆشحاڵین.

هەر لەو کاتەدا کە بڕیارەکە قورس بوو، دەبێ ئەوەش بڵێم کە تێگەیشتنی هه‌موو هاووڵاتیان و مووچەخۆران لەم مەسەلەیە گرنگ بوو، بەڵام پاڵپشتیی جێگری به‌ڕێز سەرۆکی حکوومەت برای خۆشەویستم کاک قوباد تاڵه‌بانی لەو کاتەدا و هەموو کابینەی حکوومەت کە ئەو بڕیارە قورسە ئەمان خوێندیانەوە لەو کاتەدا. هیوادارین جارێکی دیکە هاووڵاتیان و مووچەخۆران تووشی کێشەیەکی دیکەی دارایی نەبن و کوردستان بەرەو خۆشی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر بڕوات لە داهاتوودا.


 




نێچیرڤان بارزانی و كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن
SUN, 19 MAY 2019 13:13

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ستیڤ ڤاگن كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، كار و چالاكییه‌كانی كونسولخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا و باشتر بوونیان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه،‌ خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

 
فەلاح مستەفا لەگەڵ بەرپرسى نووسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن لە هەرێم کۆبووەوە
SAT, 18 MAY 2019 17:25

لە چوارچێوەى کۆبونەوەکانی لەکەڵ نێردەی دیپلۆماسی ولاتانى بیانى لەهەرێم، ئەمڕۆ شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەی حکومەت لەگەڵ کاتسۆمى مۆریاسو بەرپرسى نووسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن لە هەرێم کۆبووەوە.

 
فەلاح مستەفا لەگەڵ کونسوڵی گشتی هیند کۆبووەوە
SAT, 18 MAY 2019 17:07

لە درێژەی کۆبونەوەکانی لەگەڵ نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لەهەرێم، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەی حکومەت لەگەڵ چاندرامولی کومار کێرن کونسوڵى گشتی هیند کۆبووەوە.

 

 

بەبۆنەى تەواوبوونى ئەرکەکانى، جێگرى بەرپرسى رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کرد

MON, 20 MAY 2019 13:48

ئەمرۆ دووشەممە ٢٠/٥/٢٠١٩ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ خاتوو باربارا ریجکس جێگرى بەرپرسى رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى IOM سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کۆبووەوە کە بەمەبەستى کۆتایى هاتنى ئەرکەکەى سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کردبوو.

 

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەگەڵ جێگرى بەڕێوەبەرى کاروبارى عیراق و سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کۆبووەوە

MON, 20 MAY 2019 13:01

ئەمڕۆ دوو شەممە (20/5/2019)، خاتوو پەگاثا تایلەر ، جێگرى بەرێوەبەرى کاروبارى عیراق و سوریا  لە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بە یاوەری خاتوو نانسی بێرگرۆن، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێـم سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لێکرا


نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ جیهان كۆده‌بێته‌وه‌

SUN, 19 MAY 2019 18:14

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاشووری له‌ جیهان بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریارك مار گورگیسی سێیەم سڵێوە، پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان، پیرۆزباییی كردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌ نوێكه‌یان له‌ دیاناى سه‌ر به‌ قه‌زاى سۆران لێكردن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی كه‌نیسه‌كه‌یان خواست، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان  شانازی به‌ كولتوور‌ی پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ ده‌كات و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ن، نه‌هێڵن.

 

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوه‌ندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی دەرەوەى حکومەت كۆبووه‌وه‌

SUN, 19 MAY 2019 16:45

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌، ئەمڕۆ یەکشەمه‌ لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوه‌ندی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتى د.رێبوار بابكه‌یى، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌‌، له‌ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومەت و یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەو ژمارەیەک لە راوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگە كۆبووه‌وه‌.