فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
TUE, 18 JUN 2019 04:19 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: TUE, 18 DEC 2018 22:19
نێچیرڤان بارزانى: له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا خوازیارى په‌یوه‌ندیى باشترین

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12/12/2018 دوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و هایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان دوان.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وته‌یه‌كدا گوتی "به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی به‌ڕێز هایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین بۆ هه‌ولێر و به‌ هاتنیان خۆشحاڵین و سوپاسیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌. سه‌ردانه‌كانی ڕابردوو و ئێستای به‌رپرسان و شانده‌ باڵاكانی ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا نیشانه‌ی پشتیوانین له‌ هه‌رێمی كوردستان و مایه‌ی خۆشحاڵیی خه‌ڵكی كوردستانن. زۆر سوپاسی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا وه‌ك به‌شێكى كاراى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ ناردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و ڕاهێنه‌رانى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی عێراقی و ئه‌نجامدانی چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، هاوكارییان كردین".

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها گوتی "سوپاسیان ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بوو له‌ سووككردنی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی ساڵی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان. پارساڵ له‌م ڕۆژه‌دا ئێمه‌ ئه‌و شه‌ره‌فه‌مان هه‌بوو كه‌ پێشوازی كراین له‌گه‌ڵ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌رلین له‌لایه‌ن خاتوو ئه‌نگێلا مێركڵ ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیاوه و هه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ده‌رگای سیاسییان بۆ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و سوپاسیان ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا باسمان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و گرنگیى ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد، هه‌روه‌ها باسمان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد. دۆخى ئاواره‌كانمان له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیر باس كرد، هه‌روه‌ها داكۆكیمان كرد له‌ پێكه‌وژیان و لێبورده‌یى له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌وامى و جێگیربوونى زیاترى ئه‌و كولتووره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان"‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا گوتی "زۆر سوپاسى ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى ئافره‌تانى ئێزدیى ڕزگاربووى ده‌ستى داعشى بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌رى ده‌روونى بردۆته‌ ئه‌ڵمانیا. سوپاس بۆ حكوومه‌تى ئه‌ڵمانیا كه‌ ده‌رگاى به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌نابه‌رانى ئێزدیدا كردۆته‌وه‌ و یارمه‌تى و هاوكارى پێشكه‌ش كردوون. سوپاسى وه‌زاره‌تى گه‌شه‌پێدان و هه‌ماهه‌نگیى ئابوورى و ڕێكخراوه‌ حكوومییه‌كان و ئێن جى ئۆكانى ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تى (GIZ) و (THW) ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاریى مرۆییان پێشكه‌ش به‌ كوردستان و به‌تایبه‌تى به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌".

هه‌ر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێزیان گوتی "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ به‌ره‌وپیشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕیفۆرمكردن له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كرایه‌وه‌. شانازى به‌ ڕابردووى په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ین، چاومان له‌وه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ش ئه‌ڵمانیا به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق بمێنێته‌وه‌ و هیوادارین ببینین كه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌ڵمانیا له‌ كوردستان و عێراق بتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن".

به‌ڕێزیان سوپاسی به‌ڕێز باڵیۆز و باڵیۆزخانه‌ى‌ ئه‌ڵمانیا له به‌غدا و كونسولخانه‌ى گشتیى ئه‌ڵمانیای له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ ڕۆڵێكى به‌رچاویان له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیادا بینیوه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان زه‌مینه‌ى له‌بارى ڕه‌خساندووه‌ بۆ كارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و كه‌رتى تایبه‌تى ئه‌ڵمانى ده‌توانن له‌ زۆر بواردا له‌ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن.

دواتر به‌رێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی به‌رێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ دۆستانه‌ و گه‌رمه‌ی له‌ هه‌ولێر لێی كراوه‌ و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌ جێگه‌ی سه‌رنج له‌ قه‌ڵه‌م دا و سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن له‌ په‌نابه‌رانی سووری و ئاواره‌كانی عێراق له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان كه‌ وه‌ك په‌ناگه‌یه‌كی ئارام له‌ هه‌رێمی كوردستانن.

به‌ڕێزیان پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌ڵمانیا گرنگییه‌كی زۆر به‌ ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌دات و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ چینی گه‌نج بدۆزرێته‌وه‌ تاكو دیلى ده‌ستی ڕابردوو نه‌بن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگاركراون به‌ره‌و سه‌قامگیرییه‌كی باشتر ده‌چن و زیاتر له‌ چوار ملیۆن ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان. ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی چه‌ند مانگی ڕابردووی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشی به‌رز نرخاند و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی زیاترى دیموكراسی و ئیداره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و شه‌فافى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا به‌ جێگه‌ی كرنگیی وڵاته‌كه‌ی وه‌سف كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ستایشى ڕۆڵی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانى له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند و ئاشتیانه‌ بۆ كێشه‌كان كرد كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دیدی ئه‌واندا ڕێگایه‌كی كاریگه‌ر و گرنگه. به‌ڕێزیان به‌شداریی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانى له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی نوێی عێراقدا به‌ گرنگ وه‌سف كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ته‌حه‌دیاتی زۆر له‌ پێشن و به‌ پێكه‌وه‌ كاركردن ده‌توانرێ ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌.

پاشان لە وه‌ڵامى پرسیارێكدا سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و په‌نابه‌رانى سووریا کە پێشتر یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار کەس بوون، ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس".

بەڕێزیان لەسەر چۆنیەتیی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ زیدی خۆیان، دووپاتی کردەوە کە "مەرجی یەکەم بۆ گەڕانەوەیان ئەوەیە پێویستە لە ڕووی ئەمنییەوە ئەو شوێنانە پارێزراو بن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە، ئەمنییەت و خزمەتگوزاری تا ئێستا بەو شێوەیە نییە کە بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. بۆ ئەو مەبەستە، هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەیبینین ئەوەیە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە و تا ئێستا ئەو پێداویستییە نییە بۆ گەڕانەوەیان."

هەر لەو بارەیەوە، به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند گەڕانەوەی ئاوارەکان پێویستی بە کار هەیە لەسەر چەندین ئاست. سەقامگیری و ئارامیی ئەو ناوچانەیشی بە مەرجی سەرەکیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان دانا، بۆیە جەختی لەسەر گرنگی و پێویستیی دەستەبەرکردنی ئەو مەرجانە کردەوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و په‌نابه‌ران.

لە وەڵامی پرسیارێکى دیكه‌دا به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی دووپات کردەوە کە وڵاتەکەی بەرژەوەندیی گەورەی هەیە لە دەستەبەرکردن و پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لەو بڕوایەدا بوو سەرجەم لایەنەکان کە بەشێکن لە کێشەکان، پێویستە دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە و پێکەوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشە و گرفتەکان و کێشەکان بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی نەچێت.

ڕەوشی سووریا و کۆبوونەوەکانی ژنێڤ بۆ داڕشتنەوەی دەستووری نوێ بۆ ئەو وڵاتە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بوو و لەو بارەیەوە به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وێڕای ئاماژه‌دان بە ئاگاداربوون لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ژنێڤ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ هەموو هەوڵەکان لە بەرژەوەندیی پێکهێنانی لیژنەی دەستووریی سووریادا بێت و لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کار بکەن و دەبێ پرۆسەی سیاسیی لەو وڵاتە دەست پێبکات بۆ ئەوەی قەیرانی سووریا کۆتایی پێ بهێنرێت و هەنگاوی جددی و ڕاستەقینە بنرێت.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كه‌ هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنەکان هەیە لەو ڕووەوە پشتیوانیی ئەڵمانیای بۆ سەرخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکان لە سووریا و پێکهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو پرۆسەیە دووپات کردەوە.

هەر سەبارەت بە ڕەوشی سووریا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: "ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێمان وایە ئەو قەیرانەی لە سووریا هەیە پێویستە چارەسەر بکرێت و چارەسەری قەیرانەکەش تەنیا بە ڕێکاری سیاسی دەبینین. خۆشحاڵین بەوەی هەندێ هەنگاو نراوە بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا و هیوادارین ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە سیاسی و مرۆییەی ئێستا لە سووریا هەیە کۆتایی پێبێت."

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "جگە لە چارەسەری سیاسی لە سووریا هیچ چارەسەرێکی دیکە ناتوانێ ببێتە جێگره‌وه‌ لەو وڵاتە. ئەو هەنگاوانه‌ی یووئێنیش بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا بە هەنگاوێکی باش و بەرەو ئاراستەی ڕاست دەزانین و هیوادارین لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام بن و خۆشی و ئارامی بۆ سووریا بگەڕێتەوە."

دەربارەی چۆنیەتیی سوودوەرگرتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەڵمانیا چ لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، چ لە ڕووی ئینسانییەوە و چ لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە و ئەمڕۆش لەگەڵ جەنابی وەزیر داكۆكیمان لەسەر ئەوە کردەوە و سوپاسمان کردن بۆ هەموو ئەو هاوکارییانە کە کراون و بە دڵنیاییەوە لە ڕووی مرۆیی و لە ڕووی چارەسەری ئەوانەی تووشی کێشە بوون نەک تەنیا ئەڵمانیا، بەڵکوو وڵاتانی دیکەش لە سنوورى تواناى خۆیاندا یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە."

بەڕێزیان ئەوەشی گوت کە "کێشەکە گەورەیە و لەوانەیە هاوکارییەکان وەکوو پێویست نەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی تا ئێستا کراوە، به‌لاى ئێمەوە وەک گەلی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێی سوپاس و ڕێزە."




سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد
MON, 10 JUN 2019 19:59

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە10/6/2019 بەئا‌مادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی، بەڕێزان د. بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراقی فیدرال، محەمەد ئەلحەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، ثامر السبهان وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو‌، باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لەعێراق، دیپلۆماتكار و سەركردەو سیاسەتمەدار و لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوه، لەهۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لەهەولێر دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ سوێندخواردنی فەرمیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

 
فەلاح مستەفا: هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەرهاوڵاتیانى کەرکوک، هاوکاتە لەگەڵ هێرش و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی کوردى ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
FRI, 31 MAY 2019 14:19

شەوى پێنجشەم لەسەر هەینى زنجیرەیەک تەقینەوە و کارى تیرۆریستى هاوڵاتیانی شارى کەرکوکى کردە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک شەهید و بریندارى لێکەوتووە، ئێمە بە توندی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە ئیدانە دەکەین، کە هاوکاتە لەگەڵ هێرش و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی کوردى ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

 
هەرێمى کوردستان و کۆمارى چیک کار بۆ پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندیەکانى نێوانیان دەکەن
THU, 30 MAY 2019 13:06

ئەمڕۆ پێنجشەممە خاتوو سیهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لە میخاڵ سڤوبودا کونسوڵى گشتى کۆمارى چیک لە هەرێم کرد.

 

 

ئاستى پەیوەندیەکانى دەرەوەى هەرێم لە فراوانبووندایەو ئەمڕۆ کونسوڵى فەخرى کۆمارى قوبرس دەستبەکاربوو

MON, 17 JUN 2019 12:12

لەسەر داواى فەرمى وەزارەتى دەرەوەى قوبرس و دواى رەزامەندى وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى فیدڕال و حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دەستنیشانکردنى کونسوڵى فەخرى قوبرس لەهەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز ئیبراهیم سندى بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کونسوڵى فەخرى وڵاتى قوبرس لە هەولێر، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى کردو بەڵگەنامەکانى خۆى پێشکەش بە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە کرد.

 

فه‌لاح مسته‌فا: ئه‌مه‌ریکا له‌رێگای جیاواز پەیامی پشتیوانی بۆ کوردستان ناردووه‌

MON, 17 JUN 2019 10:00

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باس له‌په‌یوه‌ندی هه‌رێم و وڵاتانی جیهان ده‌کات و پێی وایه‌ که‌ هه‌نگاوی گرنگ و باش نراوه‌ بۆ دروستکردنی و به‌هێزکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی کوردستان و جیهانی ده‌ره‌وه‌.

 

حکوومه‌تی هه‌رێم هێرشه‌که‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌بها‌ ئیدانه‌ ده‌كات

THU, 13 JUN 2019 23:56

به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و‌ هێرشه مووشه‌کییه‌ ده‌که‌ین که‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 12/6/2019 كرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌بها له‌ شانشینی سعوودیه‌ و له‌ ئه‌نجامدا بیست و شه‌ش كه‌سی سڤیل بریندار بوون و زیانی گه‌وره‌ش به‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كه‌وت.

 

سه‌رۆكى هه‌رێم، مه‌سروور بارزانى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت ڕاده‌سپێرێت

WED, 12 JUN 2019 15:48

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12/6/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى خاتوو د. ڤاڵا فه‌رید سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى كوردستان به‌ فه‌رمانى هه‌رێمیى ژمـــاره‌ (1)ى سـاڵـى 2019 و به‌پێى بڕگه‌ى (دوازده‌م)ى مادده‌ى (ده‌یه‌م) له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ژماره ‌(1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركـراو و پاڵپشت به‌ بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره ‌(7)ى ساڵى 2019 له‌ دانیشتنى ئاساییى ژماره‌ (8) له‌ (11/6/2019)، بـڕیـارى دا به‌ ڕاسپاردنى به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى وه‌زاریى نۆیه‌مى هه‌رێمى كوردستان.