فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
SUN, 9 AUG 2020 01:44 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: SAT, 7 DEC 2019 21:43
گوتاری سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌بۆنه‌ی سه‌د رۆژی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان

خۆشحاڵم ئەمڕۆ دوای تێپەربوونی سەد رۆژی کارکردن بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم گوتارەتان پێشکەش بکەم.

لە ڕۆژی سوێندخواردنی کابینەکەمان لە پەرلەمان، ئاماژەم بەوەکرد، کە ئەرکێکی سەختمان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام وتمان کە پشت بەخوا و متمانەی هاوڵاتیانمان، دەتوانین بەسەر سەختییەکاندا زاڵ ببین و ، ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەدا ڕایبگەیەنم ، کە بە بڕوای ئێمە قۆناغی باشمان بڕیوە و ڕەوتی کارەکانمان کەوتووەتە سەر ڕاستەڕێ و دەسکەوتی بەرچاو بەدی هاتوون.

من پێشتریش باسمکردووە، کە ئێمە حکومەتێکمان دەوێت، خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر و حکومەتێک کە خزمەتی خەڵک بکات نەک بە پێچەوانەوە.ئەمەش بنەمای کارکردنمان بووە لە رۆژی دەستبەکاربوونمانەوە .

ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و، دەشزانم هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵام بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی، پێویستی بە کاتی زیاتر و زەمینەی لە بارتر هەیە، کە پشتیوان بە خوا و هاووڵاتیان، ئومێدمان زۆرە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست چاوەڕوانی ئێوەدا بێت.

بێگومان تێپەربوونی سەد رۆژ تەنیا دەسپێکێکە. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە لە سەد رۆژی دەستپێکدا، کاری بەرچاومان کردووە و لە چەندین بواری گرنگدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتوون. بۆ نموونە باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ، هەروەها گەڕاندنەوەی شەفافییەت و دڵنیایی زیاتر لە بواری داهاتی گشتی و ناوخۆ و نەهێشتنی رێژەیەکی بەرچاوی ڕووتین، و دەتوانین بڵێین بەگشتی حکومەت چالاکتر و ئەکتیڤتر بووە.

دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ، کە ئێستا کوردستان بەهێزتر و سەقامگیرترە و حکومەتیش شەفافترە. ئێمە هیوادارین کە بە بەردەوامبوون لەم پلان و رێکارانەی کە گرتوومانەتەبەر لە چەند ساڵی داهاتوودا دەسکەوتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنین .

هاووڵاتیانی بەڕێز:

بەر لەهەموو شتێک هەر حکومەتێک بیەوێت خزمەتی خەڵک بکات ، پێویستە حکومەتێکی روون و شەفاف بێت.

لە بارەی داهاتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ، لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیەوە بڕیار درا بە کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەجۆرێک کە بزاندرێت داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە ، هەروەها بۆ خەرجییە پێویستییەکانیش بەرچاومان روون بێت. لە سەر ئەم بنەمایە پلانمان داناوە بۆ زیاترکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی بە پێی پێویستی . ئەم رێکارانەش هاوتەریب بوون لە گەل رەچاوکردنی پێداویستی دارایی وەزارەت و فەرمانگەکان.

تا ئێستا توانیومانە داهاتی ناوخۆمان زیاد بکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ بە رێژەی 50 ٪ زیاد بکەین، ئەمەش لە رێگەی رێکخستنەوە و دانانی سیستەمێکی هاوسەنگی باج کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی بێت و بتوانێت، داهات بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات.

ئێستا سەرقالێ رێکخستنەوەی باجین لە هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، هەموو ئەو رێکارانەی ڕاگرتووە ، کە ببوونە هۆی ئەوەی هەندێک کەس وکۆمپانیا بەشێوەیەکی نایاسایی لە باجدان ببەخشرێن.

ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت و لە رێگەی دامەزراندنی کۆنترۆڵێکی ناوەندییەوە، چاودێرییەکی وردی خەرجییە گشتییەکان دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین کە داهاتی گشتی بە فیڕۆ نادرێت و خەرجیە گشتییەکانیش بە پێی پێداویستییە لە پێشینەکان بێت.

ئێستا خەرجییەکانی حکومەتیش، زیاتر بەداواداچوونیان بۆ دەکرێت و، دەمانەوێت دڵنیابین کە ئەو خەرجیانە، بە شێوەیەکی دروست و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا خەرج دەکرێن.

هەر پەیوەست بە داهاتە گشتییەکانی حکومەتەوە ، پرۆسەیەکی شەفافمان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سرووشتییەکان . بە شێوەیەکی بەردەوام داتا و زانیارییەکانمان خستووەتەڕوو . ئێستا گشت هاووڵاتیان دەتوانن بزانن کە داهاتی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانمان چەندە و لە چ بوارێکدا خەرج دەکرێت.

هاووڵاتیانی بەڕێز

لە بابەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە ،کەشێکی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە کە چیتر گەندەڵیی تیایدا گەشە ناکات، خۆم زۆرلە سەر ئەم بابەتە رژدم و چاوپۆشی لە گەندەڵیی هیچ کەس و لایەنێک ناکەم.
ئێستا رێکاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بەرتیل وەردەگرن یان بەرتیل دەدەن. چەندین کارمەند و بەرپرسی حکومی لەسەر بەرتیل وەرگرتن و چەندەها خاوەنکاریش بە هۆی بەرتیلدان لەم ماوەیەدا کەیسەکانیان دراوەتە دادگاکان.
تا ئێستا بە سەدان فەرمانبەری وەهمیمان لە لیستەکان پاک کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت دڵنیابین کە کەسانی شایستە مافەکانیان نافەوتێت و، تەنیا ئەوانەی کە زێدەڕۆییان کردووە، رێکاری پێوستیان لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.

لە ئاستی گشت وەزارەت و دامەزراوەکان ،چەندین لیژنە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی پێکهاتوون و ، رێکاری تووند بەرامبەر هەر سەرپێچی و گەندەڵییەک دەگیرێتەبەر.

دوای سەد رۆژ کارکردن، ئێستا دەتوانم بڵێم گەندەڵیمان تاراددەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە.بە یاساش رووبەڕووی هەموو گەندەڵکاران دەبینەوە. لەم ماوەیەدا زۆر هەوڵیش دراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ساردمان بکەنەوە، بەڵام هاووڵاتیان دڵنیا دەکەمەوە کە بە هەموو توانایەکمان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.

لە بارەی چاکسازییەوە

یەکەم بڕگەی بەرنامەی کارمان کە لە پەرلەماندا پێشکەشم کرد ، پەیوەست بوو بە چاکسازی. لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیە لێژنەیەکی باڵامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت پێک هێنا و، دوای چەند مانگ پێداچوونەوەیەکی باش و واقعیانە بە پرۆژە یاسای چاکسازی، ئێستا ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادەیە کە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

بۆ باشتر و خێراتر خزمەتکردنی هاوولاتیان، داوام لە هەموو وەزارەتەکان کردووە کە بیرۆکراسی کەم بکرێتەوە و پلانی چوارساڵەی خۆیان بۆ چاکسازیکردن ئامادە بکەن. دەستمان بە ئەلکترۆنیکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتی کردووە و پەرەشی پێ دەدەین. خەریکین داتاسەنتەرێک، واتا ناوەندێکی زانیاری بۆ حکومەت دادەمەزرێنین کە زیاد لە پەنجا لە سەدی کارەکانی تەواو بووە و ، لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت. ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی ، خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی هاووڵاتیان و خاوەنکاران دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بگات.

بۆ نموونە لەرێگەی ئینتەرنێتەوە چەندین دەروازەی سنوورییمان بە یەکەوە بە ستوونەتەوەو.ئێستاش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکانی دیکە و فرۆکەخانەکان بەو سیستەمەوە.
ئەمەش ئاسانکارییەکی باشی کردووە لە بواری کۆکردنەوەی گومرگ و سەرەئەنجام بزاڤی بازرگانی گەشەی کردووە ، هەروەها بووەتە هۆی باشتربوونی کوالیتی کۆنترۆل.

جیا لە بەئەلیکترۆنیکردن، هەوڵمان داوە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان کۆ نەکرێنەوە بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی خەڵک بێت لە سەنتەری شارەکانی وەکو هەولێر و سلێمانی پاسپۆرت دەربهێنێت یان نوێی بکاتەوە. ئێستا چەند بنکەیەکی پاسپۆرت لە چەند شارۆچکەیەکی وەک کۆیە و سۆران وزاخۆ کراونەتەوە و هی تریش دەکرێنەوە. بەم شێوەیەش کات و سامانی هاووڵاتیان بە فیڕۆ ناچێت و قەلەباڵغی و جەنجاڵی لە ناوەندە خزمەتگوزارییەکان کەم دەکرێتەوە.

هەروەها لە بابەتی دەوامکردنی فەرمانبەرانیش گۆڕانکاری روویداوە و ئێستا فەرمانبەرانی حکومەت باشتر لە جاران پابەندن بە کاتژمێرەکانی کارکردنیان و بەوجۆرەش رایی کردنی مامەلە و کاروباری هاووڵاتیان خێراتر و کاریگەرتر بووە.

ئێستا کاردانەوەی باشی هاووڵاتیانمان پێدەگاتەوە کە نەمانی ڕووتین و خێرایی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە زۆر دامودەزگادا جێگەی خۆشحالییان بووە، ئەمەش زیاتر هانمان دەدات کە ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی کات و کوالێتییەوە بەرزتر بکەیەنەوە، چونکە رەزامەندی و خۆشحاڵیی هاووڵاتیان ئامانجمان بووە. ئێستا لە پرۆسەی زۆر خزمەتگوزاری وەک، پاسپۆرت، ساڵنامە و مۆلەتی لێخورینی ئۆتۆمبێل و دادنووسی و کاروباری شارەوانییەکان ، خێرایی زیاتر بەدی دەکرێت، بە خستەنەگەری خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان، ئەم خزمەتگوزارییانە خێراتر و ئاسانتریش دەبن.

دەربارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی

یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا . لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ، سەردانی بەغدامان کرد، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە چوارچێوەی دەستوردا بۆ بەغدا دووبارە بکەینەوە.
باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بەغدا ، کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقیشە. بەرژەوەندی هەرێمیش لە وەدایە کە دۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت.

ئێمە ئامانجمان ئەوەیە رێککەوتنێکی هەمەلایەنەی گشتگیر لە گەڵ حکومەتی عیراق بکەین کە لە بەرژەوەندی هەمووماندا بێت. لێرەدا خۆشحاڵم کە رایبگەیەنم پێشکەوتنێکی باش لە گفتوگۆکانمان بەدیهاتووە و لە سەر چوار تەوەر دانوستانەکان بەردەوامن :

یەکەم: دۆزینەوەی فۆرمۆلەیەک کە دادپەروەرانە بێت بۆ بابەتی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.

دووەم: بە پێی دەستووری عێراق، دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی نەوت و گاز پارێزراو بن .

سێەم: کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێن.

چوارەم: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق و مافە دەستوورییەکانی پارێزراو بێت.

حکومەتی فیدراڵی نیگەرانییەکانی ئێمەی وەرگرتووە و ئێستا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان دەکەین. بۆ نموونە بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڕشتنی روشنووسی پڕۆژەی بودجەی ساڵانەی عێراق دەکات و هەنگاوی باشمان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیوە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 دا.

ئێمە ئێستا بەشێکمان لە بودجە پێدەگات. نەوتی کەرکووکیش بە هاوبەشی هەناردە دەکەین. سیاسەتە گومرگییەکانیشمان هاوتا کردووە. بێگومان چارەسەرکردنی پرسی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، زۆر یارمەتیمان دەدات بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بێت. لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ تاکو بگەین بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و مووچە و شایستە داراییەکانیان بە شێوەی مانگانە بە تەواوەتی بگات و جارێکی دیکە مووچەی هاووڵاتیان پاشەکەوت نەکرێت.

لە بواری جۆراوجۆردا پێشڤەجوونی باش لە پەیوەندییەکانمان لە گەل بەغدا بەدیهاتوون، بۆ نمونە، ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارئاسانی بۆ پێدانی ڤیزا بۆ هاتنی بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش وادەکات وەبەرهێنەرانی بیانی بە ئاسانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئێمەش ئاسانکاریمان کردووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە بەشەکانی دیکەی عێراق سەردانی هەرێم دەکەن و کارتی نشینگە و ئەو پارەیەی بەرامبەری وەردەگیرا لابردران و، ئێستا تەنیا لە ڕووی ئەمنییەوە پێداچوونەوە بە ناوەکان دەکرێت و هەموو ئاسانکارییەک پێشکەشی ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت تاکو لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن و لە دۆخی سەقامگیر و هێمندا کات بەسەر ببەن.

دەربارەی راهێنان و چاکسازی لە پێشمەرگە

ئامانجێکی هەرە لەپێشی حکومەتی هەرێم پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگاکانی ئاسایش بکەم بۆ ئەو دۆخە ئارام و سەقامگیرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە جێی سەرنج و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

من خۆم شاهیدی قارەمانێتی و ئازایەتی پێشمەرگەم کە چۆن لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان بوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە رێز لە قارەمانێیتی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە دەگرێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدە نەمرەکانمان بکرێت.

ولاتانی هاوپەیمان بەردەوامن لە راهێنانی هێزی پێشمەرگە و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆیان. لە ماوەی سەد رۆژی رابردوودا بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی کردووە لە نێو یەکەکانی هێزی پێشمەرگە. لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشمەرگە لە سەر ئەم بابەتە کار دەکەین.

لەبارەی پەرەپێدانی وەبەرهێنان

خەریکین یاسایەکی نوێی وەبەرهێنان دادەرێژین کە پرۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، بەمەش زەمینە بۆ وەبەرهێنەران خۆشتر و ئاسانتر دەبێت. ستراتیج و پلانێکی تایبەتمان بۆ وەبەرهێنان داڕشتووە کە لەمەودا پرۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە کەرتە هەرە گرنگەکان، بەڵام پێشتر تەنیا 2% وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەو کەرتەدا ئەنجام دراوە. پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی یاسا و بە پێی ستاندارد و مەرجی دیاریکراو بن و، هەر لایەنێک ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکات، مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسەنرێتەوە.

خەڵکێکی زۆر ئارەزوویان هەیە بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆیە ئێمەش ئاسانکاری پێویست بۆ هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین و لە هەمانکاتیشدا ، هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆش دەدەین بۆ وەبەرهێنانی زیاتر.

تا ئێستا چەندین کۆمپانیا و وەبەرهێنەری نوێ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە کۆی وەبەرهێنانیان نزیک لە نیو ملیار دۆلار دەبێت لە گشت کەرتەکاندا. دڵنیاشین چەندین وەبەرهێنەری دیکەش روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

لەبارەی پڕۆسە کارگێڕیی و یاساییەکانی وەبەرهێنان، بە نیازین خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییەکان پەرە پێ بدەین و ، سیستەمی یەک پەنجەرەیی ڕەچاو بکەین، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر ببێت.

لە بواری پێشخستنی ژێرخانی ئابووریدا ، دوای ماوەیەک لە بەدواداچوون و پێداچوونەوە، لەمانگی دەی ئەمساڵدا رەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی شەشسەد و حەڤدە ملیار دینار داوە بۆ ئەنجامدانی سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لەوانەش بۆ پرد و رێگەوبانەکان و بەنداو و دابینکردنی ئاوی خاوێن و یەکەی نیشتەجێ بوون بۆ هاوولاتیانی کەمدەرامەت و دروستکردنی فەرمانگەی حکومی. مەبلەغی ئاماژە پێکراو بە شێوەیەکی مانگانە و بە قستی جیا و بە پێی توانای دارایی هەرێم بۆ پرۆژەکان خەرج دەکرێت.

لە میانەی ئەو پرۆژانەش، پرۆژەی یازدە بەنداو، هەروەها سێ سایلۆ لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی شایەنی ئاماژەپێدانن، چونکە گرنگییەکی زۆریان بۆ ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک لە هەرێم هەیە.


هەروەها خەرجی پێویستمان بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی چەندین نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی دابین کردووە . بە نرخێکی هەرزانیش ، سەدان یەکەی نیشتەجێبوونمان لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ هاووڵاتییانی کەم دەرامەت دەستەبەر کردووە.
هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەش ، سی وسێ ملیار دینارمان بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان تەرخان کردووە.

هاووڵاتییانی بەڕێز:

هاوتەریب لەگەل ئەنجامدانی چاکسازی، پێویستە کار لە سەر گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانیش بکەین. ئابووری و داهاتی ئێمە تا ئێستا بەشی زۆری بەندە بە داهاتی نەوتەوە. بە شێوەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت بەستراوە و کەرتەکانی دیکە فەرامۆش کراون. بۆیە یەکێک لە کار و ئەرکی لە پێشینەمان هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهاتە.
نابێت چیتر تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەستین. دەمانەوێت لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە ببین بە هەرێمێکی بەرهەمهێنەر.

بۆ نموونە دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و سووود وەرگرتن لەو کەرتە وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکاتی داهاتمان.
هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە سەبەتەی خۆراکی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش.لەم رووەوە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی گەشەپێدان لە کەرتی کشتوکاڵ ئەنجام بدەین.

هەروەها دەمانەوێ پشتگیریی کەرتی پیشەسازیش بکەین و پێشیبخەین. بۆ ئەم مەبەستەش کارمان لە سەر پێشخستن و بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەک ئاماژەمان پێدا لە دروستکردن و چاککردنی پرد و رێگاوبانەکان و بەنداو و سایلۆ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێم بابەتی گەڕاندنەوەی قەرزە کشتوکالییەکانی کردووەتە پرۆسەیەکی درێژخایەنتر و ئاسانتر، تاکو فشاری دارایی بۆ سەر جووتیاران دروست نەکرێت.
هەروەها پلانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هەیە. رێوشوێن و رێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئێمە کار دەکەین بۆ هێنانە ئارای زەمینەیەکی لەباری ئەوتۆ کە بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بتوانن کێبرکێ لە گەل بەرهەمی بیانیدا بکەن.
لە کەرتی کشتوکاڵدا تا ئێستا رەزامەندیمان لەسەر سی پرۆژەی کشتوکاڵی داوە و وەبەرهێنەرانی بیانیش ئارەزووی خۆیان نیشان داوە وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵیدا بکەن . لە دانیشتنەکانمدا لەگەل شاندە ئابوورییە بیانییەکان، هەمیشە جەختم لەسەر هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە بواری کشتوکال لە هەرێمدا کردووە.

هاووڵاتیانی خۆشەویست:

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بنیاتنانی دوارۆژە بۆ خۆمان و نەوەکانمان.

ئێستا ئێمە کار لەسەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە دەکەین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز ، ئەو ژێرخانانەی رۆژانە بەکاری دەهێنین.

من دەزانم بۆ خەڵکی ئێمە تا ئێستاش کارەبا جێی نیگەرانی و ناڕەزایی بووە کە پێداویستییەکی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانیش.بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبا .

ئێستا زیاتر گازی کوردستان بەکار دەهێنین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ، بەمەش ئێستا کەمتر پشت بە گازوایلی دەرەکی دەبەسترێت بەوجۆرەش ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارمان لە تێچووی بەرهەمهێنانەکەی کەم دەبێتەوە.

بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەکارهێنانی کارەبای هەرێم ، پێداچوونەوەی پێویستە و، ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەو پرۆسەیەین و، هەوڵ دەدەین کەمترین رێژەی کارەبا بە فیڕۆ بچێت . بێگومان هاوکاریی هاووڵاتیان لەم بوارەدا زۆر کاریگەر دەبێت و بۆیە کۆمپانیاکان و ناوەندە بازرگانییەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەبێت ئەرکی خۆیان لە بەفیڕۆ نەدانی کارەبا و گەڕاندنەوەی خەرجیی بەکارهێنانی کارەبا لە ئەستۆ بگرن.

پەیوەست بە دۆخی پەروەردەوە ، من ئاگادارم قوتابخانەکانیشمان لە رەوشێکی باشدا نین . سەردانی چەند قوتابخانەیەکم کردووە و دەزانم کێشە وگرفتی زۆریان هەیە و ژمارەیەکی زۆری قوتابیان لە یەک پۆلدا دەخوێنن و رۆژانە سێ شەفت، دەوامیان تێدا دەکرێت. هەر بۆیەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە و باشترکردنی دۆخی قوتابخانەکانمان ، بودجەیەکی تایبەتمان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی پێویستن.

لە بواری چاکسازی لە کەرتی پەروەردەشدا ، لە رێگەی ئەلیکترۆنیەوە ، قوتابخانە و قوتابی و مامۆستاکان بە یەکەوە دەبەستینەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی روونتر، پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت.
داهاتووی منداڵەکانمان بە خوێندن و پەروەردەوە ، بۆیە گرنگییەکی تایبەتی پێ دەدەین. چاوەڕوانیمان لە خاوەنکار و کۆمپانیا خۆماڵییەکان هەیە کە هاوکاریی زیاتری کەرتی پەروەردە بکەن و لە هەڵمەتی دروستکردنی قوتابخانە لە سەرانسەری هەرێم بەشدار بن.

هاووڵاتییانی بەڕێز

بۆ رێزگرتن لە قوربانیدانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، رەزامەندیمان لە سەر خەرجکردنی هاوکارییەک داوە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی شەری دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایش و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و بریندارەکانمان.

هەروەها، بە پێی تواناش هاوکاری پێویست پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن پێداویستی تایبەتن یان ئەوانەی شایستەی چاودێری کۆمەڵایەتین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا پشتیوانیی دارایی پێشکەشی دەیان هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات و لە دوا هەنگاویشدا دوای پێداچوونەوە، یارمەتیی دارایی بۆ زیاتر لە دوازدە هەزار کەسی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕاندەوە ،کاریش دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یارمەتییە تەنیا خەڵکی شایستە لێی سوودمەند ببن.

هاووڵاتیانی بەڕێز

هەرچەندە لە سەد رۆژی کارکردنماندا دەسکەوتی باش بەدەست هاتوون. بەڵام هێشتا کاری زۆرمان لە پێشە. تا ئێستا دامودەزگاکانی حکومەت لە ئاستی ویستی ئێمەدا چالاک و بەرهەمدار نین، دەکرێ زۆر کاراتر و بەرهەمدارتر توانا مرۆڤی و ماددیەکانمان بەکار بهێنین.

ئامانجمان کوردستانێکی بەهێزتر و سەقامگیرتر و گەشەسەندووترە. کوردستانێک کە پەیوەندییەکی هاوسەنگی ئاشتیانەی لە گەڵ دراوسێکان هەبێ و، جێی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێت.

خوازیارم بە پشتیوانی خوای گەورە و ئێوەی بەڕێز بتوانین ئەم ئامانجە بەدیبهێنین .

لە چەند ساڵی رابردوودا خەڵکی ئێمە دووچاری بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەوە و زۆر ئازایانەش بەرگەی ئەو رۆژە سەختانەیان گرت. بۆیە ئێمە لە کاتێکدا رێز و پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ ئەو قوربانیدان و ئارامگرتنەتان، پێمانوایە ئێوە شایانی ژیان و گوزەرانێکی باشترن.ئێوە شایستەی حکومەتێکی کارامە و چالاکن کە بتوانێت خزمەتێکی شایستەتان پێشکەش بکات. ئێمە هەموو هەولێک دەخەینەگەڕ بۆ خزمەتکردنی ئێوە.

هاووڵاتیانی بەڕێز، لایەنە سیاسییە بەڕێزەکانی هەرێمی کوردستان...

خۆشبەختانە کەشێکی لەبارمان رەخساندووە کە هامەهەنگییەکی باش لە نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و دەستە سەربەخۆکان هەیە . ئەمەش کاریگەری ئەرێنی هەبووە لە سەر بەرەوپێشچوونی پرۆسە یاسایی و کارگێڕییەکان لە ناو هەرێمی کوردستاندا.

حکومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە ، بە تەنیا هی تاکەکەسێک و یان چەند حیزبێک نیە، بۆیە چاوەڕوانین هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە بەهێزکردنی ئەم حکومەتە پاڵپشتمان بن. لە کارە باشەکان هاندەرمان بن و هەڵەکانمان بۆ دەستنیشان بکەن.

دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت کە هەموومان تەبا و یەکگرتووتر بین. چەند جیاوازی و بۆچوونی جیامان هەبێت، پێویستە لە ئاست بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان یەکریز بین.
لە جیاتی لەمپەر خستنە بەردەم یەکتری و، دڵەڕاوکی و نیگەرانی دروست کردن بۆ هاووڵاتیان، با وزە و تواناکانمان و کاتمان بۆ پێشخستنی نیشتمان و خزمەتی هاووڵاتیان تەرخان بکەین.

لە کۆتایی ئەم وتەیەمدا ڕایدەگەیەنم کە ڕاپۆرتێکی وردی کار و دەسکەوتەکانی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت ئامادەکراوە کە لە رێگەی میدیاکانەوە، دەخرێتە بەر دیدەی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان.

سوپاس بۆ خۆڕاگریتان.. سوپاس بۆ هاوکاریتان.
هەر شاد و سەرفراز بن

کوردستانیش ئاوەدانتر و بەهێزتر بێت.

 

دەقى گوتاری سه‌رۆك وه‌زیران بەڕێز مه‌سرور بارزانی

 




پرسه‌نامه‌ى بەڕێز سەفین دزەیی بۆ با‌تریارك كاردینال مار لویس رۆفائیل ساكۆ/ سه‌رۆكى كه‌نیسه‌ى كلدانى له‌ عێراق و جیهان
WED, 29 JUL 2020 19:38

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچیی دوایی خوشكى به‌ڕێزتان خاتوو (سامره‌ رۆفائیل ساكۆ) م پێگه‌یشت. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەم و هاوخەمی و خۆمتان پێڕادەگەیەنم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت.

 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات
WED, 29 JUL 2020 18:31

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق کرد.

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كۆبوونه‌وه‌
WED, 29 JUL 2020 17:43

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/7/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز عوسمان ئه‌لغانمى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كرد.

 

 

سەفین دزەیی لە وێبکاستێکی تایبەت بە یادی ٦ ساڵەی ئێزیدی و کرستییانەکان کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکات

SAT, 8 AUG 2020 17:49

ڕۆژی هەینی ٧/٨/٢٠٢٠، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پەنێڵێکی تایبەتدا کرد لە ڕێگەی وێبکاستەوە لە ژێر ناونیشانی (گواستنەوەکان لەودیوی مانەوەدا: شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدی و کرستییانەکان ).

 

بەبۆنەى کۆچى دوایی براى بەڕێزیان، سەفین دزەیی لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى پرسەو سەرەخۆشى لە د. دلاوەر ئاژگەیى نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کرد

THU, 6 AUG 2020 18:30

بەبۆنەى کۆچى دوایی سلێمان خالید ئاژگەیى کە دەکاتە براگەورەى د. دلاوەر خالید ئاژگەیى نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بە ناوى خۆى و ستافى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پرسەو سەرەخۆشى لە بەڕێزیان کردو هیواى خواست خوای گەورە كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و سەبرو ئارامى بە هەموولایەک ببەخشێت و ئەمە دوا خەم و دوا کۆستى ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە بێت.

 

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بنەماڵەی بەڕێزی کاک سلێمان خالید ئاژگەیی

THU, 6 AUG 2020 17:35

بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک سلێمان، كوڕەگەورەی تێکۆشەری دێرین خالید ئاژگەییم پێ گەیشت. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەم . خوای گەورە بە بەهەشتی شاد بکات وئارامی و دڵنەواییش بە ئێوە ببەخشێت.


پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربان

THU, 30 JUL 2020 14:00

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی جەژن، لە خۆشی و کامەرانیدا بەسەر ببەن و پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.