فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
SUN, 24 MAR 2019 19:19 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: MON, 18 FEB 2019 19:25
كۆنفڕانسی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی خۆراك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (18ی شوباتی 2019)  به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا،  به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌شداری له‌ كۆنفڕانسی هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی هۆڵه‌ندا تایبه‌ت به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاسایشی خۆراك و پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان كرد به‌ چاودێری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و له‌ژێر ناونیشانی "له‌ كێڵگه‌وه‌ بۆ سه‌ر خوان"  به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و ویلیام نیكۆلاس كوزین، كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا و نوێنه‌ری كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ وه‌زیر و پارێزگاره‌كان كه‌ له‌لایه‌ن كونسوڵگه‌ری گشتی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم ڕێكخرابوو.

ووتاری ده‌ستپێكی كۆنفڕانسه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز ویلیام نیكۆلاس كوزین، كونسوڵی گشتی و نوێنه‌ری كه‌رتی گشتی و تایبه‌تی شانشینی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم خوێندرایه‌وه‌و كه‌ تیایدا به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی كردو خۆشحاڵی خۆی به‌ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا ده‌ربڕی، هاوكات تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاسایشی خۆراك و پیشه‌سازی له‌ پێناو بونیاتنان و پشت ئه‌ستووربوون به‌ ژێرخانێكی ئابووری به‌هێز و تۆكمه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ وویستی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ بۆ زیاتر فراوانكردنی هاوكاریه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.

 

دواتر، فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت له‌، ووتارێكی پێشكه‌شكرد و تیایدا به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی كردو خۆشحاڵی خۆی به‌ ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسه‌كه‌ ده‌ربڕی به‌و ئومێده‌ی كه‌وا ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ببێته‌ به‌شێك له‌ كۆی هه‌وڵه‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

هەروەها بەڕێزیان‌ تیشكی خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندی له‌مێژینه‌ و پڕبایه‌خی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا وه‌ سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی هۆڵه‌ندای كرد بۆ ئه‌و پشتیوانی و یارمه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ڕی داعش له‌ مه‌شقپێكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆریستانی داعش پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستانیان كرد.  هاوكات هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ په‌ناهه‌نده‌و ئاواره‌كانی ناوخۆی هه‌رێم و پڕۆسه‌ی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مینه‌ چێندراوه‌كانی هۆڵه‌ندای بەرز نرخاند.

به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا زیاتر ووتی" بوونی کونسوڵگەرى گشتى هۆلەندا لە هەولێر و باڵیۆزخانەى ئەو ووڵاتە لە بەغدا، بە دەروازەیەکى گرنگى دیپلۆماسى بۆ پتەوترکردنى پەیوەندیەکانى نێوانمان دەبینین، هەربۆیە پشتیوانیمان بۆ سەرکەوتنى کاروبارەکانیان دووپات دەکەینەوە. هاوکات ئامادەیی حکومەتى هەرێم بۆ ئاڵوگۆڕى سەردان و شاندەکانى نێوان هەردوولا دووپات دەکەینەوە؛ ئەوەش بۆ پەرەپێدانى پەیوەندی دوولایەنە لە بوارى سیاسى و ئابورى و بازرگانى و کەلتورى و لایەنەکانى دیکە کە لە سود و بەرژەوەندى گەلى کوردستان و هۆڵەندا بێت".

له‌ درێژه‌ی ووتاره‌كه‌یدا به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ووتی" ئەم کۆنفڕانسە دەرئەنجامى بەرەوپێشچوونى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و هۆڵەندایە، هەنگاوێکى دیکەى گرنگیشە بۆ هاوبەشى پێکردنى ئەزموون و شارەزایی لە کەرتى کشتوکاڵ و ئاسایشى خۆراک و پاراستنى خاک و سامانى ئاو". هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌وا هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌ ئەزموونى پێشکەوتووى ووڵاتى هۆڵەندا ده‌دات و بە بایەخەوە لە شارەزاییان لەم بوارەدا دەڕوانێت و پێشوازی له‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی بواری كشتوكاڵی هۆڵه‌ندی و گشت لایه‌ك ده‌كات كه‌ بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به‌شداریبكه‌ن له‌ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم.

له‌ به‌شێكی تری ووتاره‌كه‌یدا، به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌وا هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوێكی پڕبایه‌خه‌وه‌ له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاسته‌كانی دابینكردنی بژێوی و ئاسایشی خۆراك و پیشه‌سازی ده‌ڕوانێت هه‌ربۆیه‌ش بوژانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته‌ له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌كۆتایی ووتاره‌كه‌یدا به‌ڕێزیان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی هۆڵه‌ندای كرد له‌ ڕابردوو و له‌ ئێستاشدا، له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیه‌كان و گرنگیدان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو سوود و بەرژەوەندی هاوبه‌شی هه‌ردوولا.

 

جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە وتارێکدا ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ بۆ بونیاتنانی ئابورییەکی بەهێز و هەنگاوەکانی برەودان بەو کەرتە كردوه‌و گوتی "نابێت هیچ دوو دڵ بین لە وتنی ئەو ڕاستیە كە سەرەڕای ئەوەی ئێمە لەسەر خاکێکی بەپیت دەژین، كەچی لەبری ئەوەی سەرچاوە و نمونەیەكی باشی دەوروبەر بین، خۆمان گەورەترین هاوردەكار و بەكارهێنەری بەرهەمی دەر و دراوسێین، ئەمەش تەحەدایەكی گەورەی بەردەممانە لە ئێستادا و پێویست دەكات لە سەرمان ئەم دۆخە بگۆڕین".

به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا گوتی "دەبێت سەرمایەدار هان بدرێت بۆ وەبەرهێنانیان لە کێڵگەی کشتوکاڵ، نەک تەنها لە کێڵگەی نەوت. كشتوكاڵ بۆ ئێمە تەنها سەرچاوەی دابینكردنی خۆراك و كەمكردنەوەی هاوردەكردن نییە، بەڵكو زەمینە و فاكتەری پێشكەوتنی پیشەسازیشە. ئەگەر نەتوانین کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەین، ئەوا ناتوانین کەرتی پیشەسازیش پێشبخەین، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین ببینە خاوەن ئابورییەکی بەهێز و دەبێت قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ كە دەکاتە گەشەپێدانی ئابوری".

به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حکوومەتی هۆڵه‌ندا و کۆنسوڵخانەی هۆڵه‌ندای لە هه‌رێمی کوردستان کرد کە  خەمخۆرانە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هه‌رێم دەدەن، هەروەها سوپاسی زانکۆی ڤاخنینگنی کرد و گوتی"پێموایە توێژینەوەکانی ئەو زانکۆیە بناغەیەکی پتەوە بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە هه‌رێمی کوردستان و داوایان لێ دەکەم لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان".




لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا پانێڵێك بۆ نوێنەری حکومەتی هەرێم و وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی حکومەتی بەریتانیا و جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەچوو
TUE, 19 MAR 2019 14:12

لەو پانێڵەدا کە لە لایەن پەرلەمانتار جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا ڕێکخرابوو، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ئەلیستەر بێرت وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەزار مەرجان جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا باسیان لە ژمارەیەك پرسی جیا کرد سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق. 

 
فەلاح مستەفا لەگەڵ شاندێکى دامەزراوەى یارمەتى و ئاشتەوایى لە رۆژهەڵاتى ناوەراست کۆبووەوە
TUE, 19 MAR 2019 12:29

فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەگەڵ شاندێکى دامەزراوەى یارمەتى مرۆیى و ئاشتەوایى لە رۆژهەلاتى ناوەراست کە پێکهاتبوو لە بەرێزان مایک سیمپسن بەڕێوەبەرى جێبەجێکار و کریستۆفەر سیگار ئەندامى بۆردى بەرێوەبەردن و باڵیۆزى پێشووى بەریتانیا لە عیراق و عبدالرحمن محمد بەڕێوەبەرى بەرنامەى رێکخراوى ناوبراو لە عیراق  کۆبووەوە.

 
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان یادەوەریەك بۆ جینۆسایدی کورد ساز دەکەن
MON, 18 MAR 2019 17:09

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان KMP و گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە کوردستان APPG بۆنەیەکیان لە BAFTA سازکرد کە یەکێکە لە ناودارترین هۆڵەکانی نمایشکردنی فیلمە جیهانیەکان لە سەنتەری لەندەن بۆ یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، وە ڕاگەیاندنی "پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان" لە ئەوڕوپا و نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومەنتەری بەریتانیا کە پێشتر لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە واشنتن نمایشکراوە کە لە لایەن دەرهێنەر گوین ڕۆبەڕتس بەرهەم هێنراوە بە ناونیشانی "خێزانێکی ئێزیدی بەرانبەر داعش"، وە چەند کورتە فیلمێکی تر.

 

 

نێچیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندی به‌‌ پارێزگاری مووسڵه‌وه‌ ده‌كات

THU, 21 MAR 2019 22:10

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی به‌ به‌ڕێز نه‌وفه‌ل حه‌مموود پارێزگاری مووسڵه‌وه‌ كرد و تیایدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی خۆی و گه‌لی كوردستانی به‌ به‌ڕێزیان و به‌ ڕێگای ئه‌ویشه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاری قوربانیان ڕاگه‌یاند که‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ مووسڵ به‌هۆی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێكی گه‌شتیارانه‌وه‌ له‌ ڕووباری دیجله‌ به‌ ده‌یان که‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.

 

نێچیرڤان بارزانی په‌یامێکی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربیانیانی مووسڵ کرد

THU, 21 MAR 2019 21:00

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێکی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربانیانی ڕووداوی ئه‌مڕۆی ژێرئاوکه‌وتنی به‌له‌مێکی گه‌شتیاری له‌ مووسڵ کرد و هه‌موو هاوکاری و پشتیوانییه‌کی داموده‌زگاکانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی بۆ لێقه‌وماوان نیشان دا، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

TUE, 19 MAR 2019 23:06

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆنگرێسمان جۆن گارامندی كرد.

 

بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە شاندێکى سیاسى و بازرگانى هەرێمى فلاندەرزى بەلجیکا کرد

TUE, 19 MAR 2019 18:25

ئەمڕۆ سێشەممە فەلاح مستەفا  بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە شاندێکى سیاسی و بازرگانى هەرێمى فلاندەرزى بەلجیکى کرد بە سەرۆکایەتى بەڕێز کلاودى مارینوۆر جێگرى پارێزگاى ئەنتوێرپ لە هەرێمى فلاندەرز، کە بەڕێز دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا لە دیدادرەکە ئامادەبوو.